ئافرەت و جوانی [Afrat w Jwani] lyrics
ئافرەت و جوانی [Afrat w Jwani] lyrics
بە ئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە
لە باخچەی بەهار گوڵم چنیوە
شەونمی درەخت لەڕووم پژاوە
لەزەردەی زۆر کەل سەرنجم داوە
پەلکەزێڕینەی پاش بارانی زۆر
چەماوەتەوە بەرامبەر بەخۆر
هەتاوی نەورۆز مانگی جۆدرەو
زۆر هاتوون و چوون بەڕۆژ و بەشەو
خوڕەی قەڵبەزەی کەف زیوینی چەم
لەهەزار چەشنە پرشنگی ناو تەم
میوەی گەیشتووی زەرد و سووری باخ
جریوە و جووکەی دارستانی شاخ
لەگەرووی شمشاڵ لەتەلی کەمان
گەلێ هەڵساوە ئاوازی جوان جوان
ئەمانە هەموو جوانن شیرینن
ڕۆشنکەرەوەی شەقامی ژینن
بەڵام تەبیعەت هەرگیزاو هەرگیز
بێ ڕووناکییە بێ بزەی ئازیز
بێ ئاوازەیە دەنگە نەرمەکەی
با نەیدا لەگوێم تێر نەڵێم ئۆخەی
کام ئەستێرەی گەش کام گوڵی کێوی
ئاڵە وەک کوڵمی گۆی مەمکی، لێوی
کام ڕەشیی ئەگا بە ڕەشیی چاوی
برژانگی برۆی ئەگریجەی خاوی
کام بەرزیی جوانەوەک بەرزیی باڵای
کام تیشک ئەگاتە تیشکی نیو نیگای
کام تاسە کام مەیل کام چاوەنواڕیی
تەلیسماوییە وەک هی دڵداری
- Artist:Abdulla Goran